تورکیا ١٦ بارەگای نوێی سەربازی لەسەر چیای مەتین دروستدەکات

لە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە چواچێوەی ئۆپراسیۆنی (چنک - قفڵ)، لە سەرەتای مانگی تەموزی ئەمساڵ تا ئێستا تورکیا ١٦ بارەگای نوێی سەربازی لەسەر چیای مەتین و بناری چیاکە داناوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەری (سپی) کەوتووە، ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر هێرشەکانی بۆسەر چیای مەتین لە قەزای ئامێدی چڕترکردووە.

شەوانە شەش بۆ هەشت فڕۆکەی هێلیکۆپتەری سوپای تورکیا لە بەرەی رۆژهەڵات و رۆژئاواوە هێرشدەکەنە سەر چیای مەتین و دوو بۆ سێ کاتژمێر بە سەختی بۆردومانی دەکەن.

هەر بەپێی زانیاریەکانی (سپی)، لە سەرەتایی مانگی تەموزی ئەمساڵەوە تا ئێستا سوپای تورکیا ١٦ بارەگای نوێی سەربازی لەسەر چیای مەتین داناوە، لە سێ بارەگا کە دەکەونە بناری چیاکە و هەموو جۆرە چەکێكیش جێگیرکراوە.

بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی سوپای تورکیاوە لە گوندەواری بناری چیای مەتین و گارە لە قەزای ئامێدی زیاتر لە ٣٠ هەزار دۆنم پوش و پاوان و رەز و باخی هاوڵاتیان و دوو ملیۆن داری سروشتی سوتاون و زیانێکی زۆری ماددیش بە خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە. 



AM:10:20:13/08/2024