ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" مەترسی دابینكرنی مووچە لەلایەن بەغداوە نەماوە و پێوست ناكات مووچەخۆران نیگەرانبن".
موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە کەناڵی (کەی ئێن ئێن)ی ڕاگەیاندووە" هۆكارەكانی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێكی پەیوەندی بەو خاڵانەوە هەیە كە پێشتر باسكراون، بەڵام ژمارەی مووچەخۆان و جێبەجێكردنی پڕۆسەی تەوتین، دوو هۆكاری سەرەكییە كە ئەم مانگە رەوانەكردنی موچەی دواخستووە".
لەبارەی دروستبوونی مەترسی لەسەر مووچە، موسەنا ئەمین دەڵێت" بەدڵنیاییەوە هیچ مەترسییەك لە پێدان و دابینكردنی مووچە لەلایەن عێراقەوە نەماوە، چونكە دادگای فیدراڵی بەغدادی ناچار كردووە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبكات".
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پڕكردنەوەی شوێنی بندیوار و ناوە وەهمییەكان، یەكێتی و پارتی ژمارەیەكی زۆر خەڵكیان دامەزراندووە كە باس لە هەزاران كەس دەكرێت، دامەزراندنەكەش زیاتر لە وەزارەتە ئەمنییەكاندا بووە.
موسەنا ئەمین ڕاشیگەیاند" كێشەی مووچە كۆتایی پێهاتووە و دڵنیابن كە موچەكەیان وەردەگرن، هەروەها لە چەند مانگی ئایندەدا ئەو دواكەوتنەش چارەسەر دەكرێت و پێویست ناكات مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانی دواكەوتنی مووچە بن".
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی" لەبەرئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، فشار ناخاتە سەر هەرێم بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی تەوتین، بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سورە لەسەر فشار خستەنە سەر هەرێم بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ و تەوتینكردنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".