"تاکوو پێنجشەممە مووچەی هەرێم دەنێردرێت"

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنیت کە تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو، مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت.

خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەی نوێنەران ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکەیان کە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیردا ئەنجامدرا، تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕایگەیاند تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە کاتی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە و هیزە ئەمنییەکان نەدراوە".

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، وەزیرانی دارایی، نەوت و پلاندانان لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەبوون.

لای خۆشییەوە ئەمڕۆ موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" مەترسی دابینكرنی مووچە لەلایەن بەغداوە نەماوە و پێوست ناكات مووچەخۆران نیگەرانبن".



PM:01:57:13/08/2024