پارێزگاری کەرکوک دوای وەرگرتنی مەرسوومی کۆماری لە سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" بەرکەوتەکانی پێکهاتەی تورکمان پارێزراون و هەموو مافەکانی خۆیان وەردەگرن."
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک دوای وەرگرتنی مەرسوومی کۆماری لە سەرۆککۆماری عێراق وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک لە پەیامێکدا دەڵێت" دووپاتیدەکەینەوە کە کاری جددی دەکەین لەپێناو پاراستن و پتەوکردنی پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم هاووڵاتییانی شاری کەرکوک و پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەروەها جەختدەکەینەوە کە کەرکوک دەکەینە مەڵبەندێكی نمونەیی بۆ پێکەوەژیان".
راشیگەیاند "بەرکەوتەکانی پێکهاتەی تورکمان پارێزراوە و هەموو مافەکانی خۆیان وەردەگرن".
رێبوار تەها وتیشی" کاری داهاتوومان کاری ئاوەدانی و بوژاندنەوی ژێرخانی ئابووری و باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکوک دەبێت بێ جیاوازی."
ئێوارەی رۆژی ١٠ی ئاب لە بەغدا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی پێنج ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامێکی بابلیۆن و سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی بەڕێوەچووو. هاوکات نۆ ئەندام بەشداری کۆبوونەوەکەی کر کە ٥١٪ ئەندامانی ئەنجومەنە و تێیدا پارێزگاری کەرکوک لەسەر پشکی یەکێتی درا بە د.ڕێبوار تەها و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا درا بە محەمەد حافز.