ڕوسیا لە بەرژەوەندی هەسەدە بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

فەرماندەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا بەڵێنیدا کار بکات بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی دیمەشق بۆ سەر ناوچەکانی دێرەزۆر، قامیشلۆ و حەسەکە.

ئاژانسی نۆرس پرێس ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئاب ڕایگەیاند، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سێرگی کیسلیڤ فەرماندەی هێزەکانی روسیا لە سووریا کۆبوویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەکانی دێرەزۆر و رێکارە ئەمنییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کرد.

هێزەکانی ئاسایشی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات رێکارە ئەمنییەکانیان لە چوارگۆشەی ئاسایشی حەسەکە و قامیشلۆ توندکردووەتەوە، ئەوەش لە پێناو رێگریکردن لە دزەکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ رۆژهەڵەتی رووباری فورات.

بە گوێرەی ئاژانسی نۆرس پرێس، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ روسیا رێککەوتووە بۆ کۆتایی هێنان بە تونکردنەوەی رێکارە ئەمنییەکان لە چوارگۆشەی ئاسایشی حەسەکە و قامیشلۆ.

لە بەرامبەردا، فەرماندەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا بەڵێنیدا کار بکات بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی دیمەشق بۆ سەر ناوچەکانی دێرەزۆر، قامیشلۆ و حەسەکە.




PM:09:43:13/08/2024