کەناڵی سپێدە: بەبێ ئاگادارکردنەوە وەزارەتی رۆشنبیری دوو کەناڵیان لە ئای ستار داخستین

وەزارەتی رۆشنبیری بەبێ ئاگادارکردنەوەی کەناڵەکە کە پارەیان هاتۆتە سەر، هەردوو کەناڵی یەکگرتووی ئیسلامی: سپێدەو سپیدە درامای، لە کۆمەڵەی " ئای ستار " داخست.

عەبدولکەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری ناوەندی کەناڵی " سپێدە " لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتی رۆشبنیری هەردوو کەناڵی " سپێدە " کە کەناڵێکی ئاسمانییە، لەگەڵ کەناڵی " سپێدە دراما " کە کەناڵێکی ناوخۆییە لە کۆمەڵەی ئای ستار داخستووە بەبێ ئەوەی ئاگادار بکرێنەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری ساڵانە بڕێک پارە لە کەناڵە تیڤی و رادیۆکان دەستێنێت، کەناڵی " سپێدە " بەپێی ئەو بڕیارە دەبوایە ٤٤ ملیۆن دینار بدات بە وەزارەتی رۆشنبیری، عەبدولکەریم ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پارەیە ناڕەوایە و هەر دەچێتە چوارچێوەی ئەو باجە زۆرەی لە خەڵکی هەرێم و دەزگاکان وەردەگیرێت.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی" وەزارەتی رۆشنبیری هەردوو کەناڵەکەی داخستووین بە بەهانەی کە مۆڵەتمان نییە، بەلآم مۆڵەتمان هەیەو پارەی ساڵانەمان پێنەداون کە ٤٤ ملیۆنە"، بەڕێوەبەری کەناڵی سپیدە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەکە " پارەیە ، نەک مۆڵەت ".

بەڕێوەبەری کەناڵی سپێدە وتیشی " ئێمە لە کاتێکدا بە تایبەتی کەناڵە ئاسمانییەکەمان پەیوەندی بە دەستەی پەیوەندییەکان و میدیای عێراقەوە هەیە، چ پێویست بە پێدانی ئەو پارەیە دەکات کە بیدەین بە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم".

تیڤیەکانی سپێدە، کەناڵی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانن و دەیان ساڵە لەهەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی جیهانیش وەک کەناڵی ئاسمانی رۆژانە پەخشی بەرنامەکانیان دەکەن.


 


AM:09:53:14/08/2024