ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ئاماری ٣٣ ساڵی رابردووی بۆردومانەکانی تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆسەر ناوچەکانی هەرێم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" بەهۆی بۆردومانەکانەوە ٤٢٥ کەس تائێستا گیانیان لەدەستداوە".
کامەران عوسمان سەرۆکی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جولیان فلۆید بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی (سی پی تی)، ئاماژەی بەوەکرد، له ماوهى ساڵانى ١٩٩١ تا ١ی ئابی ٢٠٢٤ بههۆى ئۆپەراسیۆنە سهربازییهكانى تورکیا و ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ٤٢٥ هاوڵاتى گیانیان لهدهستداوه، ٤٢٠ هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، ١٠ هاوڵاتی دیكه له كاتى ئهركى پێشمهرگایهتى گیانیان لهدهستداوه و ٥ دیكهش بریندار بوونه.
کامەران عوسمان ڕاشیگەیاند" تورکیا بەرپرسیارە لە کوشتن و بریندارکردنى ٧٩٢ هاوڵاتی و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەرپرسیارە لە کوشتن و بریندارکردنى ١٤٣ هاوڵاتی".
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ١٧٠ گوندەوە چۆڵکراون و ٦٠٢ گوندی دیکەش مەترسی ئاوارەبوونیان لەسەرە.
کامەران عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا وتی" بەهۆی کەمی داتاکان لە ساڵی ١٩٩١ەوە و نەبوونی دامودەزگا حکومییەکان کە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا بکەن، حکومەت هیچ پاڵپشتی و قەرەبوویەکی بۆ زۆرینەی ڕەهای هاوڵاتیانی مەدەنی زیانلێکەوتوو نەکردووە، ئەو هاوڵاتیانەی کە وەک شەهید کوژراون، خێزانەکانیان بەبێ هیچ جۆرە قەرەبووکردنەوەیەک بەجێهێشتووە".
ڕوونیشیکردەوە، ٩٣%ی هاوڵاتیانی برینداریش قەرەبوو نەکراونەتەوە و بەشێکی زۆریان بە کەمئەندامی ماونەتەوە کە ڕێگریان لێدەکات لە کارکردن و داهاتیان، هەروەها لە کۆی ٤٢٠ هاوڵاتی مەدەنی بریندار، ١٥٥ کەسیان لەوانە پێویستیان بە هاوکاری پزیشکی زیاترە.