ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوایین زانیارییەکان لەسەر مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت" کێشەی لیستەکانی مووچە جددی و راستەقینەن و پڕن لە کەموکوڕی".
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕایگەیاند" کێشەی لیستەکانی مووچە جددی و راستەقینەن و پڕن لە کەموکوڕی، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەی چارەسەرکردنی نین، کات بەڕێدەکەن بێباکن کە باجەکەی خەڵکی هەرێم دەیدات، ئامادەش نین بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ بە بانكیكردن (توطین) جێبەجێبکەن".
دەشڵێت" تائێستا وردبینی بەردەوامە، کۆی گشتی مووچە لە تریلیۆنێک دینار تێپەڕیووە، لیستی ئەمنی کێشەی زۆری تێدایە، هەزاران کەس لە لیستەکەدایە بەبێ زانیاری بەبێ ناو، دامەزراوی تازە، دەیان هەزار ناو نەنێردراون".
سۆران عومەر راشیگەیاندووە" لیژنەی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی دەڵێن بۆچی لە لیستی هێزی ئەمنی بە نمونە پلەی ملازم مووچەکەی لە هەر شوێنێک مەبلەغێکە بەچی پێوەرێک؟ چۆن یەکەی سەربازی خانەنشین و خاوەن پێداویستی هەیە؟".
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، سەدان کەموکوڕی و تێبینی هەیە و وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەنییە چارەسەریان بکات.
ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێرباری ناردنی پارە بەو کەموکوڕییانەوە، سەرۆک وەزیران داوای خەرجکردنی مووچەی کردووە، دارایی دەڵێت" چەند مانگی پێشوو بە هەمان داواکاری مووچە خەرجکراوە تێبینیەکان چاکنەکراوە خۆتان بەرپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆبگرن، بۆیە هێشتا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی تەموز نەدراوە".
بەپێی هەواڵی میدیاکانی هەرێم، بڕیاربوو ئەمڕۆ بەغداد مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانەی هەرێم بکات، بەڵام تائێستا مووچەی مووچەخۆران نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێم و هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیش لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە،