ئەمڕۆ هەینی ١٦ی ئابی ٢٠٢٤ لەسەر ڕێگەی سەرەکی (کەرکوک - تکریت) دوو هاوڵاتی بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی (کەرکوک - تکریت) ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا و ئۆتۆمبێلێکی گەورە، لە نزیک سنووری ناحیەی ڕەشاد کە ٤٠ کم لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکوکەوە دوورە ڕوویدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلی تویۆتاکە و برینداربوونی هاوڵاتییەکی دیکەش.
پاش ڕووداوەکە هێزێکی ئەمنی تەرمی شۆفێرەکەیان بۆ بەشی پزیشکی دادوەری گواستووەتەوە، بریندارەکەش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک کراوە.
لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە.