خانوویەکی سەر زەویەکەی ئامادەی بەکرەجۆ، مەلا یاسین دەیفرۆشێت بە ٢٨ دەفتەر دۆلار

‌مەلا یاسین خاوەنی کۆمپانیای بەڕێز

چالاکوان و نوسەرێک ئاشکرای دەکات کە بچووکترین خانووی سەر زەویەکەی ئامادەی بەکرەجۆ کە درا بە مەلا یاسینی وەبەرهەمهێن دەدرێت بە ١٤ دەفتەر، گرانترینیشیان دەدرێت بە ٢٨ دەفتەر دۆلار، ئەو چالاکوانە دەڵێت " ئەمە پێچەوانەی ئەو قسانەیە کە مەلا یاسین لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکاندا رایاگەیاند بوو".

لە نووسینێكدا بە ناونیشانی " قسەیەك لەسەر لۆکۆستەکەی مەلا یاسین و چەواشەکردنی ڕای گشتی" چالاکوان و نوسەر عوسمان گوڵپی نووسیوویەتی " مەلا یاسین کە خاوەنی کۆمپانیای بەرێزە لە بەرنامەیەکدا ڕای گشتی چەواشەکرد و ڕاستیەکەی نەوت بەڵکو بە ئامانجی کە مکردنەوەی فشاری ڕای گشتی دەڵێت خەلکی کەم دەرامەت سود لەو خانوانە دەبینن، با بزانین یەکەکان بۆ خەڵکی کەم دەرامەتە؟ نرخی١٦٠م٢ سەدو شەست مەتر خانوو دەکاتە ١٤٥٠٠٠$ سەدو چل و پێنج هەزار دۆلار واتە ١٤ دەفتەر و نیو، خانویەکی ٢٠٠م بەهاکەی ١٦٠٠٠٠$ سەدو شەست هەزار دۆلارە بەزمانی بازار ١٦ دەفتەر دۆلار، بۆ یەکەیەکی ٣٠٠ مەتری کە ڤێلای پێدەڵێن بەهاکەی زیاترە لە ٢٨٠٠٠٠$ دووسەدو هەشتا هەزار دۆلارە بە زمانی بازار ٢٨ دەفتەر دۆلار و بۆ هەر یەکەشیان تا کلیل پێویستە ٪٧٥ درابێت".

عوسمان گوڵپی دەپرسێت " تەنها یەك خانووی ١٦٠ مەتریەکەی بۆ فەرمانبەرێکی مامناوەند مامۆستایەك بە نمونە کە ١٢ ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێ بە مووچەی ٢٨٩ مانگ، کە دەکاتە ٢٤ ساڵ ببێتە خاوەنی خانویەك لە پرۆژە لۆکۆستەکەی مەلا یاسیندا، واتە مامۆستایەك تەواوی مووچەکەی کۆبکاتەوە و یەك دیناری لێ خەرج نەکات، ئینجا بە ٢٤ ساڵ دەتوانێ یەك خانوی ١٦٠ مەتری بکرێت، بۆخانوە ٢٠٠ مەتریەکان پێویستی بە مووچەی ٢٦ ساڵ و نیوە. بۆ خانوە ٣٠٠ مەتریەکانیش پێویستی بە مووچەی تەواوی ٣٥ ساڵە، بێ ئەوەی یەك دیناری خەرج بکات. ئێستا حەقی خۆیەتی بپرسین ئەو زەویەی پەروەردە کە کۆمپانیاکەی مەلا یاسین وەریگرتوە بۆ خەڵکی کەم دەرامەتە یان نا؟ ".

دەقی نووسینەکەی چالاکوان و نوسەر عوسمان گوڵپی 

قسەیەك لەسەر لۆکۆستەکەی مەلا یاسین و چەواشەکردنی ڕای گشتی

بزانە خانویەك لەسەر زەویەکەی وەزارەتی پەروەردە بە چەندە وەرگرتنی مۆڵەتی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لەسەر ١٨٢ دۆنم زەوی تایبەت بە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە، مشتومڕی زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە، لیرەدا قسەلەسەر خودی زەویەکە ناکەم بەڵکو لە بەرنامەیەکی ڕووداودا مەلایاسین خاوەنی کۆمپانیای بەڕێز دەڵێت مۆڵەتمان وەرگرتوە بۆ پرۆژەی نیشتەجێبونی ئاسودە، وە لە وەسفی پرۆژەکەدا دەڵێت با بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەمەوە کە زۆرترینی یەکە نیشتەجێبوەکان لۆکۆستن و بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروست دەکرێت، لە بەرامبەردا بێژەرەکە دەڵێت سەرەتا دەوترێت بۆ خەلکی کەمدەرامەتە کەدوای پرۆژەکە دەکرێت خەڵكی کەمدەرامەت سودی لێ نابینێت.

 لە ڕاستیدا مەلا یاسین کە خاوەنی کۆمپانیای بەرێزە لەو بەرنامەیەدا ڕای گشتی چەواشەکرد و ڕاستیەکەی نەوت بەڵکو بە ئامانجی کە مکردنەوەی فشاری ڕای گشتی دەڵێت خەلکی کەم دەرامەت سودیان لێ دەبینێت با جارێ قسەلەسەر ١٨٢ دۆنمەکە نەکەین چونکە ئەگەری زۆرە دوو هەفتەی داهاتوو قسەی جدی لەبارەوە بکرێت، بابزانین قسەکەی جەنابیان ڕاستیەکەی لەکوێدایە؟ ئێستا پرۆژەکە دەستی بە ناونوسین کردوە بۆ فرۆشتنی یەکە نیشتەجێ بوەکان بەناوی بەکرەجۆ هێڵس، یەکەم شت ئەم پرۆژەیە مۆڵەتەکەی بۆ ئاسودەیە! چۆن بوو بە بەکرەجۆ هێڵس؟ ئەمەش هەمان چیرۆکی وەرگرتنی مۆڵەتی دانیا سیتی بوو کە هەمان کۆمپانیا وەریگرت و فرۆشتیەوە (وردەکاریەکەی بۆ دواتر) ئەم مۆڵەتەش هاوشێوەی مامەڵەی دانیا سیتی و دوو تاوەرەکەی تەنیشتیەتی. 

باشە ناوەکەی گۆڕا؟! بابزانی یەکەکان بۆ خەڵکی کەم دەرامەتە؟ نرخی١٦٠م٢ سەدو شەست مەتر خانوو دەکاتە ١٤٥٠٠٠$ سەدو چل و پێنج هەزار دۆلار واتە ١٤ دەفتەر و نیو، بە دیناری عێراقی دەکاتە نزیکەی ٢١٧٠٠٠٠٠٠ دووسەدو حەڤدە ملیۆن دینار بۆ خانویەکی ٢٠٠م بەهاکەی ١٦٠٠٠٠$ سەدو شەست هەزار دۆلارە بەزمانی بازار ١٦ دەفتەر دۆلار، بۆ یەکەیەکی ٣٠٠ مەتری کە ڤێلای پێدەڵێن بەهاکەی زیاترە لە ٢٨٠٠٠٠$ دووسەدو هەشتا هەزار دۆلارە بە زمانی بازار ٢٨ دەفتەر دۆلار و بۆ هەر یەکەشیان تا کلیل پێویستە ٪٧٥ درابێت لێرەدا پرسیارەکە لە کاك مەلا یاسین ئەمەیە، کامەیە ئەم لۆکۆستەی تۆ باسی دەکەیت؟ ١٦٠ مەتر خانوو بە ١٤ دەفتەر دۆلار بۆ خەڵکی کەم دەرامەتە؟ خەڵکی لۆکۆست ١٤ دەفتەر دەداتە خانوو؟ یان ئەوەی تۆ وتت بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی بوو؟ هەر بەراست خانویەکی ١٦٠ مەتری تێچوەکەی چەندە وا تۆ بەدەستی دوو دەیدەیتە زیاتر لە ١٤ دەفتەر. 

ئەم زەویە کە ١٨٢ دۆنمە و هی وەزارەتی پەروەردە بوو بەڵام ئەم کۆمپانیا مۆڵەتی بۆ وەرگرتوە و هێشتا گرفتێکی چارەسەر نەکراوە، تەنها یەك خانووی ١٦٠ مەتریەکەی بۆ فەرمانبەرێکی مامناوەند مامۆستایەك بە نمونە کە ١٢ ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێ بە مووچەی ٢٨٩ مانگ، کە دەکاتە ٢٤ ساڵ ببێتە خاوەنی خانویەك لە پرۆژە لۆکۆستەکەی مەلا یاسیندا، واتە مامۆستایەك تەواوی مووچەکەی کۆبکاتەوە و یەك دیناری لێ خەرج نەکات، ئینجا بە ٢٤ ساڵ دەتوانێ یەك خانوی ١٦٠ مەتری بکرێت، بۆخانوە ٢٠٠ مەتریەکان پێویستی بە مووچەی ٢٦ ساڵ و نیوە. بۆ خانوە ٣٠٠ مەتریەکانیش پێویستی بە مووچەی تەواوی ٣٥ ساڵە، بێ ئەوەی یەك دیناری خەرج بکات.

ئێستا حەقی خۆیەتی بپرسین ئەو زەویەی پەروەردە کە کۆمپانیاکەی مەلا یاسین وەریگرتوە بۆ خەڵکی کەم دەرامەتە یان نا؟ قسەی زیاتر هەڵدەگرێت بۆ دواتر.





PM:07:36:16/08/2024