"هەرکەس و لایەنێک بە چەکەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بکات سزا دەدرێت"

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە پەیامێکی هۆشداریدا ڕایدەگەیەنێت" هەر کەس و لایەنێک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، چەک بەکاربهێنێت، ئەوا سزا دەدرێت". 

لیوا بارزان قەساب بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر، پەیامێکی هۆشداری بڵاوکردەوە کە ئاراستەی دسەرجەم لایەنەکانی کردووە، دەڵێت"  هیوادارن لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو ڕوو نەدات و وەک خۆی بەڕێوەبچێت". 

دەشڵێت" هەرکەس و لایەنێک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، چەک ببەخشێتەوە، ئەوا لە ڕێگه‌ی داواكاری گشتییەوە دەدرێتە دادگا و بەپێی یاسای چەک سزا دەدرێت‌ و لەسەری جێبەجێدەكرێت". 

ڕاشیگەیاندووە" داوا لە لایەن و حیزب و كەسایەتییەكان دەکەین، بە چەكەوە بانگەشە نەكەن، چونكە ڕێگە پێدراو نییە". 

بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت‌، پێشبینیش دەکرێت دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای عێراق، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێم دەستپێبکات.



AM:09:20:17/08/2024