بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٤ لە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران، لە یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کچە خوێندکارێک گیانی لەدەستدا.
شەماڵ دێوالی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەرخۆی قەزای سۆران، لەبارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاندووە" بەرەبەیانی ئەمرۆ لە ئیدارەی سۆران تەرمی کچە خوێندکارێکی پۆلی ١٢ی ئامادەی بە مردووی لە ژوورەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، پاش ڕووداوەکە تەرمەکەی، بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە، بەڵام تائێستا هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی ئەو خوێندکارە نەزانراوە.
لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی سنووری قەزای سۆران لێكۆڵینەوەیان لە ڕووداوەكە دەستپێکردووە.
هەر لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، لە پرسەنامەیەكدا بڵاویانکردەوە" قوتابی (ڕۆژان ئیدریس عومەر) خوێندکار لە قوتابخانەی (ئا.شەهید حسن ئاغا) لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕواندز گیانی لەدەستداوە".
دەشڵێن" بەم بۆنە خەمناكەوە بە ناوی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و تەواوی كارمەندان و پەروەردەكاران و مامۆستایانی سنوورەكەمان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و كەس و كاری بەڕێزیان دەكەین".