"نابێت ڕێژەی کرێکاری خۆماڵی لە ٧٥٪ کەمتر بێت"

بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە ڕێژەی کرێکاری خۆماڵی لە هەر پڕۆژەیەکدا کەمتر لە %٧٥ نەبێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بڕیاری ژمارە (١٧٢) بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گرنگیدان بە تواناکانی گەنجان و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ کرێکاری ناوخۆ، پێویستە هەر پڕۆژەیەک ڕێژەی کرێکاری خۆماڵی کەمتر نەبێت لە %٧٥ی ژمارەی کرێکارەکانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، خاوەنکار بۆی هەیە کەمتر لە %٢٥ی کرێکاری بیانی بخاتە سەر کارەکەی، پێویستە لەسەر خاوەنکارەکان پابەندی ئەم بڕیارە بن و هاوکاربن لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کرێکاران دەکرێت پارێزگاری لە مافی خۆیان بکەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابینی کردووە، هاوکات لە کاتی بوونی هەر سەرپێچییەک دەتوانن پەیوەندی بکەن بە هێڵی هۆشیاری کرێکاران ژمارە (٥٥٠٠)



PM:02:39:17/08/2024