وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕێکارەکانی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا هەڵدەگیرێن، جوڵەی هاوڵاتییان و گەشتیاران ئاسایی دەبن.
ئەمڕۆ شەممە، ڕەزاق موحەبیس ئەلسەعداوی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ئاساییکردنەوەی جوڵەی سەرنشینان و هاوڵاتییانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕاگەیاند.
ئەلسەعداوی پشتڕاستی کردەوە، کردنەوەی فڕۆکەخانەکە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ جوڵەی هاوڵاتییان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکەوە.
دوێنێ هەینی، وەزارەتی گواستنەوە میکانیزمی چوونە ژوورەوەی هاووڵاتییانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدای لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرا کرد، کە بەسەر ٦ رێڕەودا دابەشکراون.
ڕاشیگەیاند" رێڕەوی چوونە ژوورەوە بۆ فڕۆکەخانەکە بەم شێوەیە دەبێت؛ هاتووان، ڕۆیشتووان، فەرمانبەران، بارهەڵگران، کۆمپانیای تەکسی رێگەپێدراو و هەڵگرانی باجی تایبەت".
ئاماژەی بەوەکرد، ڕێگە بە گەشتیاران و هاووڵاتییان دەدرێت بچنە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە مەبەستی پێشوازیکردن و ماڵئاواییکردن بەبێ ئەوەی داوای بەڵگەنامەیان لێبکرێت، بەڵکو ڕێکارەکان بەشێوازی رێکخراو و ئاسایی دەبێت.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە لە کاتێکدایە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ڕێکاری ئەمنی تووند لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەگیرێتەبەر، بەشێوەیەک هاتووچۆی گەشتیاری زەحمەت کردووە.
بۆ چوونە ژوورەوە بۆ نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، هاوڵاتی لانیکەم بە چوار قۆناخی پشکنیندا تێدەپەڕێت، کە دووانیان سەگی تایبەت تێیاندا بەکاردەهێندرێت.