بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلی گەرمای بەتین ناوچەكانی هەرێم ناگرێتەوە و كەشێكی هاوینەی ئاسایی دەبێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت" باران و هەورەبروسكە لە كۆتاییەكانی ئەم مانگەدا هەرێم دەگرێتەوە".
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ئەمڕۆ شەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٤ڕایگەیاند"بۆ ڕۆژانی داھاتوو تاوەكو کۆتایی مانگ بەگشتی گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە پلەكانی گەرمادا لە ئارادا نیە و پێشبینی ناکرێت شەپۆلی بەتینی گەرما یان نزمبوونەوەیەکی بەرچاو و ھەستپێکراو بەسەر پلەی گەرمیدا بێت".
ڕوونیشی كردەوە"گەرمای ھاوینە لەناوچەکانمان بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ کەمێک سەروو ئاسایی بەدرێژایی ئەم مانگە بەردەوامی ئەبێت و ھەندێک ڕۆژیش کەمێک نزمدەبێتەوە، بەڵام بەجۆرێک نابێت ھەست بە فێنکی یان گۆڕانکاری بکرێت".
وتیشی"بەھۆی زیاتر چالاکبوونی بارانی وەرزی بۆ سەر ناوچەکانی باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی و باشووری ئێران و ھاتنی شێیەکی زۆر لەو ماوەیەدا ئەگەر ھەیە لە ڕۆژەکانی کۆتایی ئەم مانگەدا ھەورەبروسکە و بارانی بەخوڕ زیاتر بەرەو سەرەوە جووڵە بکات و ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سعودیەش بگرێتەوە و بە کاریگەرییەکی لاوازیش ھەر لەھەمان ماوەدا پێشبینی دەکرێت ئەو حاڵەتە بەلاوازی بگاتە ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشكرد" لەو ماوەیەدا ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور لەگەڵ بارینی بارانێکی کەم لەھەندێ شوێندا و چالاکبوونی ھەورەبروسکە بەگشتی، بەڵام ئەو بارانە کاریگەری نابێت بۆ نزمبوونەوەی پلەی گەرمی".