لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە (١٨) هەزار كەس لە ئەفەریقا توشبوی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون بون، بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی تەندرووستی جیهانی نەخۆشییەكە گەیشتووەتە چەندین وڵاتی جیهانی و عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كە توركیا یەكێكە لەو وڵاتانە و چەندین حاڵەتی تێدا تۆماركراوە.
ئەمرۆ شەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٤، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نووسراوێكدا داوای لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەكات، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە" تیمی تەندروستی لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان جێگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر نەخۆشێك و لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی توشبوون لە هەر گەشتیارێک، جیای دەكەنەوە".
لای خۆشییەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە"ئاوڵەی مەیمون لەمرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە لەڕێگەی تێكەڵاوبوونی جەستەیی كەسی تووشبوو یاخود دەستلێدان لەكەلوپەلی پیسبوو بەو ڤایرۆسە یان دەستلێدان لە ئاژەڵی تووشبوو".