پاش ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ لە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەرمی کچە خوێندکارێک بە مردووی لە ژوورەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار" شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە بووە".
شەماڵ سورچی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٤ لەبارەی ڕووداوەکەوە بە ڕۆژنامەی نەوژینی راگەیاندووە" هێشتا زانیاری پشت راستکراوەمان نییە کە ئایا روداوەکە خۆکوژی بووە یاخود کوژراوە، بۆ زانینی راستی رووداوەکە چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دادین".
وتیشی" لەگەڵ ئەوەشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ دۆسیەکە کردوەتە و ئیفادەمان لە کەسوکارەکەی وەرگرتووە، بەڵام ناتوانیین هیچ زانیارییەک لە ئێستادا بدرکێنیین، چونکە لە لێکۆڵینەوەداین هێشتا".
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە نەوژینی راگەیاند" تەرمی رۆژان شوێنەواری فیشەکی پێوە بووە".
رۆژان ئیدریس خوێندکاری ١٢ی ئامادەیی بووە لە قوتابخانەی ئامادەیی شەهید حەسەن ئاغا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕواندز.
بەرەبەیانی دوێنێ لە قەزای رەواندزی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران، تەرمەکەی لە نێو ژوورەکەی خۆی دۆزرایەوە.