ژنە نوسەر و لێکۆڵەرێکی کورد سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

موژگان کاووسی ژنە نوسەر و لێکۆڵەری کورد کە لە خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) دەستگیرکرابوو، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. 

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە سزای زیندانیکردنی موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانی خەڵکی کەلاردەشت سەر بە پارێزگای مازەندەران، دوای قبوڵکردنی داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی ناوبراو لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات و گەڕاندنەوەی دۆسیەکەی بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ساری، بۆ یەک ساڵ بەندکردن گۆڕدرا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، موژگان کاووسی پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ساری بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گروپ دژ بە ئاسایشی وڵات" سزای ٣٩ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا بەرانبەر بە ٣٩ مانگ بەندکردن بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانەکەی بۆ ناوبراو بە جێبەجێکراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕێکخراوی هەنگاو باس لەوەش دەکات، موژگان کاووسی ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ ڕۆژانی سەرەتایی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ماڵەکەی خۆی لە کەلاردەشت دەستگیرکرابوو و دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ بەندیخانەی تونەکابۆن گواسترایەوە.



PM:02:03:18/08/2024