نزیکەی دوو هەزار هێکتار دارستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سووتێندراوە


بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە یەک هەزار و 637 هێکتار دارستان، لەوەڕگە و پووش و پاوان لە سنووری ئەو پارێزگایە سووتاوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ئاب، بەهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم ساڵ ١١٨ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکە تۆمار کراون و لە ئەنجامدا زیاتر لە یەک هەزار و ٦٣٧ هێکتار دارستان، لەوەڕگە و پووش و پاوان سووتاوە، کە بەراورد بە پار ١٧٪ کەمی کردووە.
 
پار لە هەمان ماوەدا، ١٢٢ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگای سنە تۆمارکرابوون و یەک هەزار و ٩٨٨ هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتابوو.
 
بە گوتەی بەهزاد شەریفی پوور، ئەم ساڵ لە ناوچەی بانە ٢٠٦ هێکتار دارستان و پووش و پاوان، لە دێگوڵان ٤٣ هێکتار، لە دیواندەرە ١٣١ ‌هێکتار، لە سەقز ٣٠٠ هێکتار، لە قوروە ٢٤٥ هێکتار، لە سەوڵاوا ١٣٨ هێکتار، لە سنە ١٤٤ هێکتار، لە کامێران ١٣٠ هێکتار و لە ناوچەی مەریوان ٢٧٨هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە.




PM:10:41:18/08/2024