بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت " كورد كرایە قوربانی پۆستی پارێزگارو پۆستە گرنگەكانی پێشكەش بە عەرەب كرا"، ئەوە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی لە کەرکوک سەردانی پارتی بکەن.
هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستان ٢٤ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوەی کرا لە کەرکوک کارێکی نایاسایی بوو بۆ دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا.
ئەو ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا دەکات کە مەسعود بارزانی دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ بەرپرسانی پێکهاتەکانی کەرکوک بەبێ یەکێتی ئەنجامیداو دەڵێت" بارزانی لەگەڵ لایەنە بە عەرەبەکانی وت, دەبێت کەرکوک بۆ هەموو لایەکە بێت و هەموویان پێکەوە بژین و پۆستەکان بە هاوبەشی دابەش بکەن".
هیوا ئەحمەد مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە گرفتیان لەگەڵ خودی پارێزگاری کەرکوک نییە، بەڵکو گرفتیان لە شێوازی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارەکە بووە، کە پیلان بوو و ناسروشتی بوو پرۆسەکە، دەبوو هەڵبژاردنەکە بە کۆدەنگی هەموو لایەک بووایە".
ئەو بەرپرسەی پارتی لە کەرکوک و گەرمیان ئەوە دەخاتەڕوو کە پارتی هەمیشە مکوڕە لەسەر کوردستانیبونی کەرکوک و دەڵێت" دەبێت لە کەرکوک هەموو لایەک وەک برا پێکەوە بژین و هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت".
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی لە کەرکوک سەردانی پارتی دەکات تا بیگەیەنێتە ئەو بارەی کە بەشداری پرۆسەی سیاسی و ئیداری پارێزگاکە بکەن.