وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند" تۆمەتبارەکانی ڕووداوی کوشتنی کۆڵبەرەکەی سەرگەتی ناوچەی هەورامان دەستگیرکراون و ڕادەستی یاسا کراون".
ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی ئابی٢٠٢٤ بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند" لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە شەوی ڕابردوو تەقە لە کۆڵبەرێک کرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، ئێستا تۆمەتبارانی ڕووداوەکە دەستگیرکراون و دەست بەلێکۆڵینەوە کراوە".
شەوی رابردوو، کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی هەورامان لە دیوی هەرێمی کوردستان کوژرا، لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەشدا بەشێك لە خەڵكی ناوچەكە بارەگایەكی پاسەوانی سنووریان سوتاند.
کۆڵبەرەکە ناوی (ئارام خەلیلە) و تەمەنی ٢٦ ساڵە شەوی ڕابردوو نزیکی کاژمێر هەشتی شەو، لەكاتی گواستنەوەی بارەكەیدا، لەلایەن پاسەوانی سنورەوە، تەقەی لێکراوە و بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ، لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٧٠ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، بەفربارین و بەستەڵەک، کەوتنە خوارەوە لە شاخ گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.