بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەستیلەکار کێشایەوە

بەڕێوەبەڕی گشتی پەروەردەی سلێمانی دوای ٩ ساڵ دەستی لەکار کێشایەوە و سەبارەت بە شوێنگرەوەکەشی رێکخەری ژووری حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" کەسێکی جێگرەوەیان بۆ ئەو پۆستە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردووە، بەڵام تاوەکو فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەردەچێت ناوەکەی ئاشکرا ناکەین".

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دوای ٩ ساڵ مانەوەی لە پۆستەكەیدا، ئەمڕۆ دوو شەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٤ دەستی لە پۆستەكەی كشاندەوە و ڕایگەیاند" هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە".

دڵشاد عومەر، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كۆتا پەیامی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد و ماڵئاوایی لێكردن و سوپاس و دەست خۆشی لێكردن، كە هاوكار و خەمخۆر و دڵسۆز و بەشدار بون لە بەرەوپێشچونی پرۆسەی پەروەردە لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

بەپێی ئەو پەیامە، دڵشاد عومەر وتی" هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا. هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری".

ڕاشیگەیاندووە" لەماوەی دەست بەکاربوونم لە ٢٠١٥/٧/٥ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووە، کە تاکو ئێستاش بەردەوام قەیران هەیە. سەرەڕای کێشە و گرفتەکان و قەیرانەکان و نیگەرانییە سەختەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوە و هاندانی ڕێکخراوەکان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خێرخوازان لە نۆژەنکردنەوە و دروست کردنی قوتابخانە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن درێغیتان نەکردووە".

لای خۆشیەوە سەبارەت بە شوێنگرەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، کە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، کاوە عەبدوڵا، رێکخەری ژووری حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دەستلەکارکێشانەوەی دڵشاد عومەر لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی قبوڵ دەکەین".

وتیشی"دڵشاد عومەر، لەسەر گەندەڵییەکی گەورە دەستی لەکارکێشاوەتەوە و کەسێکی جێگرەوەیان بۆ ئەو پۆستە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردووە، بەڵام تاوەکو فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەردەچێت ناوەکەی ئاشکرا ناکەین".





PM:04:59:19/08/2024