بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی هۆشداری بە شۆفێران و هاوڵاتییان دەدات و دەڵێت" پابهند بن بە چەند ڕێنماییەک تا بهدووربن له ههر سزایهك".
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ئەمشەو دووشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا شۆفێران و هاوڵاتییان لە پێشێلکردنی ڕێنماییەکان ئاگادار دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت" لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێن و لایەنی کەمتەرخەم و سەرپێچیکار ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".
ئاماژەى بەوەشکردووە، تیمی هاتووچۆ لەو شوێنانە جێگیر دەکرێن کە ئاستەنگی زۆری لەسەرە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرفتی هاتووچۆ و ڕێکخستنی ڕەوشی شەقامەکان.
دەقی ڕێنماییەکانی هاتووچۆی سلێمانی بەمشێوەیەیە:
١. هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە دەروازەی عەربەت – سلێمانی و هاتنە ناوەوەیان تا کاتژمێر (٩:٠٠)ی سەر لەبەیانی قەدەغەیە.
٢. بە هیچ شێوەیەک وەستانی ئوتومبیل بە ستوونی یان بە گۆشە لەسەر شۆستەو شەقامە سەرەکییەکان ڕێگەپێدراو نییە، وەک شەقامی بازنەیی مەلیک محمود، توی مەلیک، کانی با، سی مەتری هەواری تازە و ئیبراهیم پاشا.
٣. وەستانی ئوتومبیل بەهەموو شێوەیەک لەناو فولکەکاندا قەدەغەیە.
٤. وەستانی ئوتومبیل لەسەر شەقامی سەرەکی مەلیک محمود قەدەغەیە، واتە پێویستە لای راستی شەقامی خزمەتگوزاری بەکاربهێنرێت لەکاتی پێویستیدا بۆ وەستان یان سەرخستن و دابەزاندنی هاوڵاتییان.
٥. وەستانی ئوتومبیل بە دوو ڕیز بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نادرێت.
٦. وەستانی ئوتومبیل بۆ فرۆشتنی سەوزەو میوە قەدەغەیە بەهاوکاری لەگەڵ تیمەکانی زیادەڕەوی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت.