ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هۆشداری بە حكومەتی فیدراڵ و هەرێم دەدات و داوا دەکات کە "ئەم یارییە ناشیرینە ڕابگرن" دەشڵێت" ناچارین سکاڵا لەسەر سەرپێچیکار تۆمار بکەینەوە".
سەڵاحەدین بەهایدن ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەمشەو دووشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" ٢٠ی مانگە و ٥٠ ڕۆژە مووچە نەدراوە، ئەم تاوانە بەویژدانی کێ ڕەوایە؟ هۆکار هەرچی بێ و پاساو هەرچی بێ، فەرمانبەری هەرێم و مناڵە بێنازەکانی باجەکەی دەدەن، دەستی دەستیکردن بەقوتی هاوڵاتییان لە فەرهەنگی چ مرۆڤێکی ویژدان زیندودا جێی دەبێتەوە؟".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی داوە و هەردوو حکومەتی مولزەم کردووە بە پێدانیی مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا، بە فەرمانبەر و خانەنشین و هێزە ئەمنییەکانەوە.
"ئێمە وەکو هەست بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و، وەکو ئەوەی برایانمان شەرەفی ساغکردنەوە و دەرچواندنی ئەو بڕیارە مێژووییەمان بەرکەوت، جەخت دەکەینەوە لە ڕاگرتنی ئەم یارییە ناشیرینە". (ئەمینداری گشتی یەکگرتوو وادەڵێت)
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هێمای بۆ ئەوەش کردووە" دەبێت هەردوو حکومەت بەرپرسیارانە کارئاسانی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، نەک خۆبدزنەوە و کۆسپی بۆ دروست بکەن، شەڕی سیاسی و هەڵبەز و دابەزی بوارەکانی تر لەسەر حسابی قوتی هاوڵاتی ساغ بکەنەوە، بەپێچەوانەوە ئێمە ناچارین سکاڵا لەسەر سەرپێچیکار تۆمار بکەینەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا مووچهی مانگی تهموزی فەرمانبەرانی ههرێم دابهشنهكراوه و هیچ وادهیهكی فەرمیش بۆ دابهشكردنی نەزانراوە.