لە گەرمیان کرێکارێک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا

لە ناو باخێکی نزیک پیشەسازی کەلار لە کاتی بیرهەڵکەندندا، کرێکارێک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا. 

عەلی جەمال قدووری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان، ڕایگەیاندووە" ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٤ تەرمی هاوڵاتییەک ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەوتەی کەسوکارەکەی ئەو کەسە لە ناو باغێکدا لە نزیک ناوچەی پیشەسازی کەلار بیری هەڵکەندووە و لە ناو بیرەکەدا کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستداوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (٤١١) خاوەنی باغەکە بەندکراوە و پۆلیس لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. 

ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی کەریم مەحمود ڕەسوڵە لە دایکبووی ساڵی (١٩٦٦)ە و دانیشتووی ناحییەی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار بووە. 



AM:12:03:20/08/2024