بەهۆی پێکدادانی دوو ماتۆڕسکیل لە گوندێکی قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکوک، دوو شۆفێر گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی داقوق، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" درەنگانێکی شەوی رابردوو، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ماتۆڕسکیل ڕوویداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووداوەکە لە گوندى سنووری سەر بە قەزای داقوق لە باشوری رۆژهەڵاتی کەرکوک روویداوە کە لە ئەنجامدا شۆفێری هەردوو ماتۆڕەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە نێوان (١٦ بۆ ١٨) ساڵە و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە، دواتر تەرمەکانیان رەوانەی بەشی پزیشکی دادی کەرکوک کراون، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.