ئەمڕۆ تورکیا ٨ جار ناوچەكانی باڵەكایەتی و شارباژێڕی بۆردومان کرد

ئەمڕۆ  سوپای توركیا ٨ جار ناوچەكانی سنووری باڵەكایەتی و قەزای ماوەت-ی لە شارباژێڕ بۆردومان كردووە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە ٢٠ی ئاب،كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی بنیادنەرانی ئاشتی کۆمەڵگە ( CPT) ڕایگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر (٥:٣٠) خوولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چوار جار بۆردومانی (باسکی بێرییان و گوندی گوندەژۆری)یان کرد لە دەڤەری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمان".

ئاماژەی بۆئەوەشكرد، هەر ئەمڕۆ کاتژمێر (٦:٤٨) خوولەکی سەرلەبەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، چوار جار بۆردوومانی (شاخی برزووت و کڵاوە)یان لە گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت کرد.

کامەران عوسمان دەشڵێت" لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام بەشێک لە پوش و پاوان و دارستانی ئەو شاخانە سووتاون".



PM:05:05:20/08/2024