مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر دواكەوتنی مووچەكانیان هۆشداری بە هەر دو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵی دەدەن و ڕایدەگەیەنن، ئەگەر کێشەی وانەبێژان چارەسەر نەكرێت، خوێندنی ئەمساڵیش هاوشێوەی خوێندنی ساڵی ڕابردوو دەبێت و هیچ مامۆستایەكی میلاكیش ئامادە نییە بە گیرفانی بەتاڵ بچێت وانە بڵێتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠ی ئاب، دەستەی بزاڤی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی بەیاننامەیەكیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە"چەند ساڵێكە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بە دەستی ئەنقەست زوڵم و ستەم لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان دەكەن و بە توندی ئیدانەی دەكەین، كە بۆتە هۆی خراپ بوونی بارودۆخی ژیانی مووچەخۆران".
ڕاشیگەیاندووە"هەردوو حكومەت بە دەستی ئەنقەست هەوڵی برسی كردنی فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان دەدەن و حكومەتی عێراقی هەر جارەی بە بانوویەك مووچە دوادەخات، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو مووچەكانی پاشەكەوت دەكرد و ساڵی ڕابردووش سێ مووچەی نەدا و ئێستاش حكومەتی عێراق هەر مانگەی بیانوویەكی هەیە".
سەبارەت بە دەستپێكی خوێندن ئاماژەی بەوەكرد، وەزارەتی پەروەردە لەلایەك وادەی دەستپێكی خوێندن دیاری دەكات، بەڵام لەلایەكی دیكەوە كێشەكانی پەروەردە چارەسەر نەكراون، بۆیە بەچی میكانیزمێك داوای دەستپێكی دەوام دەكەن، كە تا ئێستتا مووچە دوادەكەوێت و كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر نەكراوە، بۆیە پێویستە تاوەكو كاتی دەستپێكی دەوام ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت لەگەڵ كێشەی خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی و شارەوانی".