جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند"ئەم مانگە گرفتی مووچە لە عێراق سەرتاسەرییە و بەهۆی نەبوونی نەختینەوە بووە و چارەسەر دەکرێت" و بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولیریش دەڵێت"تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێم".
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ئاب بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" ئەم مانگە گرفتی مووچە لە عێراق سەرتاسەرییە و بەهۆی نەبوونی نەختینەوە بووە، کێشەی مووچە بۆ چەند رۆژێک دوادەکەوێت، بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەمە دووبارە نابێتەوە".
هاوکات سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی عێراق/ لقی هەولێر لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی"بڕیاربوو سەرەتای ئەم هەفتەیە، گوژمەیەک لە پارەی مووچەی مانگی ٧ـی فەرمانبەران بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە نەنێردراوە".
وتیشی"هەرکاتێک لە بەغدادەوە پارەی مووچە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی پارەکە وەردەگرێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە ٢٠ رۆژ بەسەر مانگی هەشتدا تێپەڕدەبێت و تاوەکو ئێستا مووچەی ٧ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە نەنێردراوە