بزووتنەوەی گۆران ڕاگەیاند" پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی پڕناکەینەوە و مامۆستا دڵشاد عومەر لەناو گۆڕاندا درێژە بە خەبات بۆ خەمە گشتی و پەروەردەییەکان دەدات".
ئەمشەو ٢٠ی ئاب بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" پشتیوانی هەڵوێستی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکات، کە وەک هەڵوێستیک بەرامبەر بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی؛ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، لەو سۆنگەیەوە پۆستەکەی پڕناکەینەوە و ناوبراویش لەناو گۆڕاندا درێژە بە خەبات بۆ خەمە گشتی و پەروەردەییەکان دەدات".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە"ئەم هەڵوێستەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، خزمەتی چاکەی گشتی دەکات و فشارێکە بە ئاراستەی سنوردانان بۆ دەستدرێژینەکردنە سەر موڵکی دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی و، تاپۆکردن و هەرزانفرۆشکردنی (١٨٢) دۆنم زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بەتایبەتی".
جەختیشدەکاتەوە"مایەی هەڵوەستەیە، سەرەڕای بایەخی ئەم کەیسە و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی گشتی و دژایەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، بەڵام کاردانەوەکان سنوردارن، هەربۆیە داواکارین ڕایگشتی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، مامۆستایان، خوێندکاران و کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران خاوەندارێتی لەم بڕیارە بکەن و کۆدەنگییەک بۆ پاراستنی بینا و ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە لە چنگی کۆمپانیا و بەرژەوەندییە تایبەتیەکان دروست بکرێت".