لە گوندێکی ناحیەی بەمۆی سەر بە هەڵەبجەی شەهید
پیاوێکی پۆلیس کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی وەک ژینگە پارێزێک خۆی
دەردەخات، لەگەڵ کوڕ و برایەکیدا ٩ داری بەتەمەنی دەیان ساڵە دەبڕنەوە، پۆلیسی
دارستان بەو تاوانە دەزانێت و دەستگیریان دەکات، حاکم پاش ماوەیەکی کەم بە کەفالەت
ئازادیان دەکات.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆی کە لە هەژماری
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بڵاوکراوەتەوە ژمارەیەک داری بەتەمەن
بڕاونەتەوە، دوای بەدواداچوونی رووداوەکە ماڵپەڕی " سپی " گەیشتە ئەو زانیاریانەی
کە پۆلیسی دارستانی ناحیەی بەمۆ رۆژی ١٢ ی ئاب سێ کەس بە تۆمەتی بڕینەوەی نۆ داری
بەتەمەن لە گوندی قەڵپ دەستگیردەکەن و رادەستی دادگایان دەکەن، ئەو سێ
تۆمەتبارە دوو براو کوڕی یەکێکیانە، تۆمەتباری سەرەکی کە پیشەکەی پۆلیسەو لەگەڵ
براکەی، دادوەری هەڵەبجە دەمودەست بە کەفالەت ئازادیان دەکات، هەرچی کوڕە
گەنجەکەیە بۆ چەند رۆژێک دەستگیر دەکرێت، دواتر ئەویشی بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.
دوای چەند رۆژێک دوو کەس کە خاوەنی موڵکەکەن و
دارەکانیان بڕاوەتەوە، داوای یاسایی لەسەر سێ تۆمەتبارەکە تۆمار دەکەن.
یەکێک لە تۆمەتبارەکان پۆلیسە و وەک چالاکوان
خۆی نمایش دەکات و خۆی بە خێرخواو ژینگە پارێز ناوزەد دەکات و، هەمیشە لە تۆڕە
کۆمەڵایەتیەکان ئامۆژگاری خەڵک دەکات کە وڵات وژینگەی کوردستانیان خۆشبووێت.
بۆ بینینی ڤیدیۆکە ئەم لینکە بکەرەوە..