دوای زیاتر لە مانگێک لە ئەنجامنەدانی هیچ کۆبوونەوەیەک، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٤ دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەسپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە)، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات.
بەپێی راگەیەندراوێکى ئەنجومەنەکە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامى کارەکانى لیژنەى وردبینی هاوبەشى هەردوو دیوانى چاودێری دارایى فیدراڵ و هەرێم لەبارەى داهات و خەرجی و تۆمارى بایۆمەتری و ژمارەى وەزیفى یەکگرتوو دەخرێتەروو.
هەروەها لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، کارەکانى لیژنەى هاوبەشى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ تایبەت بە یەکخستنى رێکارە داراییەکان دەخرێتەروو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا هەماهەنگى نێوان کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر رۆشنای دوا کۆبوونەوەى هاوبەش و راسپاردەکانى کۆبوونەوەکە بە ئەرک و رۆڵى وەزارەتەکان دەخرێتەروو".
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا راپۆرتێک لەبارەى پرۆسەى کڕینەوە و وەرگرتنى گەنم لە جوتیاران و شایستە داراییەکانیان و بە بازاڕکردنى بەرهەمى گەنمى جوتیاران لەلایەن وەزیری بازرگانی و پیشەسازییەوە دەخرێتەڕوو.