چالاکوانێکی کورد دوای دەستگیرکردنی بۆ زیندانی ئێڤینی تاران گواسترایەوە

موختار ئەسەدی چالاکوانی ناسراوی پیشەیی مامۆستایان لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش دەستگیرکردنی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە، بۆ بەندینخانەی ئێڤینی تاران گواسترایەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" موختار ئەسەدی چالاکوانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، ڕۆژێک دوای زیندانیکردنی و دەسبەسەرداگرتنی هەموو ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی، بۆ زیندانی ئێڤین لە تاران گواسترایەوە". 

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" بە بنەماڵەی موختار ئەسەدی وتراوە بۆ ئازادکردنی ناوبراو، بڕی بارمتەی دیاریکراو ئامادە بکەن و بچنە ناوەندە دادوەرییەکان، بەڵام لە کاتی سەردانکردنیان پێیان ڕاگەیاندون کە موختار ئەسەدی بۆ دادگاییکردنی بۆ لقی شەهید موقەدەسی داد سەرای ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە". 

هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی موختار ئەسەدی چالاکوانی پیشەی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنە، دوای دەستگیرکردنی ناوبراو بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابووەوە.

موختار ئەسەدی مامۆستا و چالاکوانی پیشەیی شاری سنەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای زیندایکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە بڕینەوەی مووچەیەکی خانەنشینی زۆرەملێ، لە کار دوورخراوەتەوە و بۆ بژێوی ژیانی دەستی بە کاری کشتوکاڵ کردووە.



AM:10:29:21/08/2024