سۆران عومەر: بیانووەکانی هەرێم بۆ مووچە ڕاست نین

دوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە کێشەکانی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغداد دەڵێت" وەزارەتی دارایی دەیەوێت بیانووی بۆ بهێنێتەوە و کێشەی مووچە بەم شێوەیە چارەسەر نابێت، چونکە کەم و کوڕیەکان زۆر لەوە گەورەترن کە وەزارەتی دارایی هەرێم بە چەند خاڵێک ئاماژەیان پێ دەکات".

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بیانووەکانی هەرێم ڕاست نیین، چونکە بە نمونە بەبێ بایۆمەتری مووچەی کەس نادرێت لە هەرێم، بەڵام کاتێک دەزانن بەغداد جدییە بە دەنگ دێن. بەغداد قبوڵی ناکات، وردەکاری و خەلەلەکانی بۆ دیاری کردوون."

وتیشی" کێشەی مووچە بەو شێوەیەی هەرێم دەیەوێت چارەسەر نابێت، چونکە مەبەستیان نییە چارەسەری بکەن، کێشەی مووچە زۆر گەورەترە لەوەی هەرێم بە چەند خاڵێک باسی دەکات."

ئەمڕۆ ٢١ی مانگی هەشت وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی پێنج خاڵی سەبارەت بە ڕەخنەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕای گشتی هەرێم بە تۆمەتبار کردنی وەزارەتی دارایی بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە و نەدانی لە کاتی خۆیدا بڵاوکردەوە، بۆیە وەزارەتەکە کێشەکە بە "سیاسی" ناو دەبات و هەرێم "بێبەری دەکات" لە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران.




PM:11:14:21/08/2024