لە شەش ڕێگەی دهۆک کامێرای چاودێری دەخرێنە کار

هاتووچۆی دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت" لە هەفتەی داهاتووەوە لە شەش ڕێگەی سەرەکی کامێرای چاودێری دەخرێنە کار". 

ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک، لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤ کامێرای چاودێری تیژڕەوی لە شەش ڕێگەی سەرەکی دهۆک دەکەونە کار و خێرای لێخوڕین سنووردار کراوە". 

هەر لە ئاگادارییەکەدا هاتووچۆی دهۆک داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن، تا تووشی سەرپێچی و سزای پێبژاردن نەبنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە هەریەک لە شەقامەکانی (گەڤەرکێ، چاکسازی زرکا، ئەڤریکێ، چڕە)، نابێت لە کاتژمێرێکدا خێرای لێخوڕین لە ٦٠ کیلۆمەتر زیاتر بێت. 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕێگەی سەرەکی (هەولێر - دهۆک) لە ئۆڤەرپاسی سێگردکا لە شارەدێ ڕۆڤیا، خێراییەکەی ٤٠ کیلۆمەترە لە هەر کاتژمێرێکدا. 

هاتووچۆی دهۆک باسی لەوەشکردووە، لە ئۆڤەرپاسی باعەدرێ تا ترافیکی چواڕیانی شێخان، بۆ ئۆتۆمبێلە بچووکەکان خێرایی ١٠٠ کیلۆمەترە، بۆ ئۆتۆمبێلە گەورەکانیش ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ڕێگەی پێدراوە.



PM:02:22:22/08/2024