پاش ئەوەی پێشنیوهڕۆی ئهمڕۆ ههینی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ ئۆتۆمبێلێكی رۆژنامهنووسان لە سنووری سەیدساق لە ڕێگەی درۆنەوە کرایە ئامانج، بههۆیهوه دوو رۆژنامهنووسی ژن گیانیان لهدهستدا.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی سنووری سەیدسادق نیگار رەفیقی تەمەن ٢٧ ساڵان کە پیشەی کامێرامان بووە و هێرۆی تەمەن ٢٩ ساڵانیش کە کاری مۆنتێری کردووە لە کۆمپانیای چەتر گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستادا تەرمەکانیان بۆ توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون.
هاوكات رۆژنامهنوسێكی دیكهش بە ناوی ڕێبین کە مۆنتێر بووە برینداربووه و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی له نهخۆشخانهی سهیدسادقەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە کە لە ئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، ئەو ئۆتۆمبێلهی ئەمڕۆ بۆردومانکراوە لهلایهن کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی خاوهندارێتی دهكرێت و تیمی رۆژنامهنوسانیش بەمەبەستی تۆماركردنی بهرنامهیهك سەردانی ناوچەی سەیدساق-یان کردووە.
پێشتر ماڵپەڕی (سپی) بڵاویکردەوە، کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی تەپەڕەش لەسەر رێگەی (سەیدسادق بۆ هەڵەبجە) ئۆتۆمبێلێک بە درۆن کرایە ئامانج و سووتا کە بەهۆیەوە دوو لە سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا و سەرنشینێکی دیکەش برینداربووە.
وێنەی ئەو دوو ژنە رۆژنامەنووسەی لە رووداوەکەدا گیانان لەدەستدا: