دوای بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێڵێک لە رێگەی سەید سادق کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو ژنی رۆژنامەنووس، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی" کوشتنی ئەم دوو رۆژنامەوانە تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین".
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند" قوربانییەکانی هێرشە درۆنییەکەی نزیک قەزای سەیدسادق، دوو رۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار تا مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵات و ناوچەیەک".
دەقی ڕاگەیەندراوی قوباد تاڵەبانی:
قوربانییەکانی هێرشە درۆنییەکەی نزیک قەزای سەیدسادق، دوو رۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار تا مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵات و ناوچەیەک.
کوشتنی ئەم دوو رۆژنامەوانە تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین.
جگە لەوەش پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری خاکی عێراقە. جارێکیتر داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.
بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری هەردوو رۆژنامەنووسی شەهید دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازم.