ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوە دەچێت، سیادە و بەرەی توركمانی بەشداری ئەو كۆبونەوەیە ناكەن و پارتیش بڕیاری كۆتایی نەداوە لەبارەی بەشداریی یاخود بایكۆتی كۆبونەوەكە.
لەسەر داوای محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بەرێوە بچێت، لەو كۆبونەوەیەدا داوا لە توركمانەكان دەكرێت بە زویی پۆستەكانیان پڕبكەنەوە.
سەوسەن شاكر، ئەندامی توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت" بڕیاری كۆتاییان داوە و بەهیچ شێوەیەك بەشداری لەو كۆبونەوەیەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناكەن".
هەروەها حزبی سیادە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە،بەردەوام دەبن لە بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وەك مافێكی ڕەوا بۆ بەرگریكردن لە مافی دەنگدەرانیان.
لای خۆشیەوە حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتی" هێشتا هیچ بڕیارێكی فەرمییان سەبارەت بەو پرسە پێ نەگەیشتوە و تا ئێستا دیار نییە بەشدار دەبن یان نا".
لە کۆبوونەوەکەدا پۆستەکانی تورکمانەکان بە بەتاڵی هێڵرانەوە تا ئەو کاتەی بڕیار لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاری کەرکووکدا دەدەن.
پارتی و تورکمانەکان و نیوەی عەرەبەکان چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو سکاڵایە دەکەن کە لە دژی کۆبوونەوەکەی بەغدا تۆمارکراوە و هەفتەی ڕابردووش دادگەی کارگێڕی دوو سکاڵای ڕاکان جبوری و حەسەن تۆرانی ڕەتکردەوە کە تێیدا داوای ڕاگرتنی کارکردن بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بەغدایان کردبوو تا ئەو کاتەی بڕیار لەسەر سکاڵاکەیان دەدرێت.