دهۆک.. تورکیا ئۆتۆمبێڵی خێزانێکی عەرەبی بۆردوومان کرد

ئۆتۆمبێڵێکی مەدەنی کە خانەوادەیەکی عەرەب بوون و بۆ گەشتیاری روویان لە ناوچەی دهۆک کردووە لەلایەن تورکیاوە کراوەتەوە ئامانج و قوربانی لێکەوتووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان دوانیوڕۆی ئەمڕۆ  شەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤  ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کە خانەوادەیەکی عەرەب بوون و بۆ گەشتیاری روویان لە ناوچەکە کردووە، لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک لەلایەن تورکیاوە کراوەتە ئامانج و قوربانیی لێکەوتەوە.

بە پێی زانیارییەکان بەهۆی ڕووداوەکەوە کە تائێستا ڕوون نییە بۆردوومان بووە یان دەستڕێژی گولـلە، قوربانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئاماژە بە ژمارەی قوربانییەکان نەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێ لەسەر ڕێگای سەیدسادق، ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی توركیاوە  كرایە ئامانج و بەهۆیەوە دوو كچە ڕۆژنامەنووسی كورد كوژران و ڕۆژنامەنووسێكی دیكەی هاوڕێیان برینداركرا و ئەو كارەش سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكانی داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسانی هێنایە دەنگ.

لە بۆردومانەکەدا دوو کەس، کە ناویان (گوڵستان تارا تەمەنی ٤٠ساڵ بووە و خەڵکی شاری باتمانە لە باکووری کوردستان و هەواڵساز بووە و هێرۆ ئیبراهیم تەمەنی ٢٧ ساڵ بووە و مۆنتێر بووە) لە بۆردوومانەکەدا گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکە بەناوی (ڕێبین) کە وەرگێڕی یاسایی بووە، دەست و قاچی شکاوە.




PM:05:51:24/08/2024