لقی سلیمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەسەر دەرکردنی پەیامنێری ڕووداو لە ڕووماڵی چالاکییەکەی پارکی ئازادی ڕوونکردنەوە دەدات


دوابەدوای دەرکردنی پەیامنێری ڕووداو لە چالاکییەکەی ئەمڕۆ ٢٤ی ئاب لە پارکی ئازادی کە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی تورکیا بەڕێوەچوو، لقی سلیمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
دەقی ڕوونکردنەوەکە:


سەکۆی ئازاد موڵکی ھیچ کەس و لایەنێک نیە، سەکۆی ھەموو کوردستانیەکانە 

ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 24/8/2024 لە سەکۆی ئازاد لە سلێمانی رویدا، رەفتارێک بوو شایستەی ئەو ناوبانگە جوانەی (پایتەختی رۆشنبیریی) نەبوو کە چەند کەسانێک رێگری لە پەیامنێرو کامێرای کەناڵی روداو بکەن لە روماڵی گردبوونەوەیەک کە بۆ مەبەستێکی پیرۆز ئەنجامدرابوو ، راستە ھەموو دڵمان گەرمەو جەرگمان بەسۆیە بۆ کارەساتەکەی ھەینی خوێناوی و تیرۆرکردنی ھەردوو کچە رۆژنامەنووسی شەھید (گوڵستان و ھێرۆ)، بەڵام ئازادیی میدیا و جوانی شارەکەو رێگریکردن لە کەناڵێک جودا لە دووسەد کەناڵ کە لەم دەڤەرەدا کار دەکەن, نیگەرانی کردین، رێگەدان و رێگرتن لە میدیا, کاری ئەو کەسانە نیە کە ئەمڕۆ نواندیان، بۆیە دەبێت بزانن سەکۆی ئازاد کێ دروستی کردوەو بۆ چ مەبەستێک دروستکراوە، با بزانن سەکۆی ئازاد لە ناو دڵی کۆنە سەربازگەیەکدا دامەزرا بە خوێنی سەدان لاوو دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ ئاودراوە بۆ مەبەستی ئازادیی وتن و رەخنەو گلەیی و گازندەی ھەموو کوردستانیەکە، ھاوکات بۆ ھیچ کوردستانیەکیش نیە ئەم ئازادیە زەوت بکات.. 
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان 24/8/2024




PM:11:27:24/08/2024