وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە بارەی دواکەوتنی مووچەوە رایگەیاند" لەم هەفتەیەدا سەرۆک وەزیران کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا، لەسەر ئەو پرسە دەکات".
پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هۆی نەهاتنی مووچە، پەڵپ پێگرتنێکی سیاسییە و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هیچ پاساوێکیان بەدەستەوە نییە کە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕیووە، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقی و دادگای فیدراڵییە؛ چونکە دادگای فیدراڵی گوتی نابێت مووچە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت. هەموو داواکارییەکانی بەغداش جێ بەجێ کراون".
" لەم هەفتەیەدا سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا، لەسەر ئەو پرسە دەکات، بۆیە ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی مووچەیان نەناردووە. دەشڵێت: یەکێک لە پاساوەکانیان ئەوەیە بۆچی فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک مووچەیان لە هەرێمی کوردستان پێ دەدرێت؟ کە پێشتر ڕێکەوتمان هەبووە ئەو فەرمانبەرانە بخەنە سەر وەزارەتی پەروەدەی عێراق، ئەوان ڕێککەوتنەکەیان جێ بەجێ نەکردووە"( وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی).
پێشەوا هەورامی کۆمەڵێک پرۆژەی بۆ هەڵەبجە ڕاگەیاند و دەشڵێت" لەسەر پرسی مووچە، ئەم هەفتەیە کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا دەکرێت".
وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم دەشلێت" سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، خۆی چاودێریی پرۆژەکانی هەڵەبجە دەکات، هەروەها مەبەستیەتی خاڵ بەخاڵی داواکارییەکانی هەڵەبجە جێ بەجێ بکرێن و باڵەخانەیەکی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە دروست دەکرێت، کە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەروەها باڵەخانەیەکی نوێش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ دروست دەکرێت".
پێشەوا هەورامانی ڕوونیشی کردەوە، ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامی گشتیی هەڵەبجە تەرخان کراوە، هەروەها نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ دوو پرۆژەی گەشتیاری لە بیارە، لەسەر بڕیاری نووسینگەی سەرۆکوەزیران تەرخان کراوە، ڕەزامەندی لەسەر ١١٤ ملیۆن دینار، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەڵەبجە دراوە کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆلێرایە.
ئاماژەی بەوەش دا "ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە کاری لەسەر کراوە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، جگە لەوە دەستەی وەبەرهێنان لێخۆشبوونی ڕسوماتی بۆ هەموو ئەو پرۆژانە دەرکردووە کە تایبەتە بە پارێزگای هەڵەبجە. ئەو پرۆژانەش کاریگەرییان لەسەر هەلی کاری ناوچەکە دەبێت".
" حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی داهاتوودا کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ ڕادەگەیەنێت، کە ئەیەوێت خورماڵ و هەورامانیش ببنە ناوەندێکی گرنگی گەشتوگوزاری لە ناوچەکەدا، ئەوەش پرۆژەکان بوون کە هەموویان پارەیان بۆ دابین کراوە".( پێشەوا هەورامی وتی)
وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکدا ئەم قسانەی کرد کە بەشی زۆری قسەکانی بۆ ئەو پرۆژانە تەرخانکردووە کە حوکمەت بەڵێنی داوە لە هەڵەبجە ئەنجامی بدات.