پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی نایەوێت موچە بکەوێتە سەر سکەی خۆیی و ئەم کێشەیە کۆتایی پێبێت، ئەو پێیوایە دەبێت موچە لە پێش دەستی خۆیدا بێت.
دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەمرۆ یەکشەممە ٢٥ی ئاب بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی نایەوێت موچە بکەوێتە سەر سکەی خۆیی و ئەم کێشەیە کۆتایی پێبێت، ئەو پێیوایە دەبێت مووچە لە پێش دەستی خۆیدا بێت و کەی ویستی خەرجی بکات و کەی ویستی پاشەکەوتی بکات و کەی ویستی لێبڕین بکات و کەی ویستی خەرجی نەکات."
وتیشی" گەر موچە تەوتین بکرێت ئەو کاتە موچە لە ١٠٠% گەرەنتی دەبێت و مانگانە دەچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران، هەرێمیش پێوایە دەبێت موچە لە دەستی خۆیدا بێت و مانگانە وەک خێر و سەدەقە بیدات بەو خەڵکە کە لە پای ئەرک و ماف و شەو نخوونی خۆیان دەبێت وەریبگرن".
ئەم قسانە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم دوای پەنجا ڕۆژ لە دواکەوتنی موچەی موچەخۆران ئوباڵی دواکەوتنەکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی و دەڵێت" هیچ پاساوێک نەماوە بۆ نەناردنی موچە" و بە پەڵپ لێگرتنێکی سیاسی دیکە ناوی دەبات.