بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بزوتنەوەی گۆڕان دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتی و رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن دیاری بکات.
ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ژێر ڕۆشنایی و ڕاسپاردەکانی دووەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی و دوایین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی، سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، بەگوێرەی ڕێکارە دەستوورییەکان هەردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتی و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەمشێوەیە ئەنجام دەدرێت:
١- هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتی ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت.
٢- هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن لە ڕۆژی شەممە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت.
٣- وادەی خۆکاندیدکردن بۆ هەردوو پرۆسەکە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤ دەستپێدەکات.
٤- وردەکاریی جێبەجێکردنی سەرجەم قۆناغەکانی هەردوو پرۆسەکە بە ڕێنمایی تایبەت ڕێکدەخرێن.