ژنە بەندکراوێکی سیاسی کورد و منداڵەکەی لە زیندانی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەندکراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار لەگەڵ منداڵە دوو ساڵ و دوو مانگانەکەی بە ناوی ئاڵا، لە زیندانی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ زیندانی کراون".
ڕێکخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" منداڵەکەی سوعدا لەم دواییانەدا بەهۆی پیسی ژینگەی زیندان و نەبوونی سیستەمی فێنکەرەوەی گونجاو و گەرمای بەتین، تووشی هەستیاری پێست بووە و بەرپرسانی بەندیخانەکە لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە ڕێگرییان کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سوعدا خەدیرزادە پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران"، سزای ١٢ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەوەشی خستەڕوو، سوعدا لە ڕۆژی ٢١ی ٦ی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ بە نەشتەرگەری منداڵی بوو و دوای ڕۆژێک بەبێ تێپەڕاندنی ماوەی دەرمان و چارەسەری پێویست، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گەڕێندراونەتەوە.