" لەم چەند مانگەدا بەغدا مانگانە ١٠٠ ملیار دیناری زیاتر لە مووچە ناردووە بۆ هەرێم"

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، ڕایدەگەیەنێت، لە چەند مانگی ڕابردوودا ٣٠ هەزار ناو زیادکراوە بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کە بڕی١٠٠ ملیار دینار زیادەی مووچە دەکات، بۆیە حکومەتی عێراق ئامادە نییە مووچەی مانگی حەوت بدات و بە هەرێمی وتووە دەبێت خۆیان مووچەی ئەو مانگەی مووچەخۆرەکانیان دابین بکەن.

ڕێبوار ئەو ڕەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی ئاب بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو زانیاریانەی لە بەغداد دراوە بە ئێمە ئەوەیە، لە رابردوودا ناوی زیادە هەبووە لە لیستی مووچەدا، هەموو مانگێک ١٠٠ ملیار زیاتر وەرگیراوە زیاتر لە مووچە، واتە ٣٠ هەزار ناو زیاد کراوە ١٣ هەزار لەلایەن یەکێتی و ١٧ هەزار لەلایەن پارتیەوە زیاد کراوە، ئەمە هۆکارە بەغداد بەم جۆرە مامەڵە دەکات.

لای خۆشییەوە  موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، وێڕای "تاوانبار"کردنی حکومەتی هەرێم لەم کێشەیە عێراقیش بە "تاوانبار" دەزانێت و پێی وایە بێ بەری نییە لەم دۆخەی مووچەخۆرانی هەرێم تێی کەوتوون.

ئەو ئەندام پەرلەمانە وتیشی" کێشەکە ئەوەیە سیستەمێکی مەرکەزیمان نییە کە هاوڵاتی ڕاستەوخۆ تابعی فیدڕاڵ بێت، هەرێم بۆتە دیوارێک لە نێوان ئێمە و بەغداد، ئەم دیوارە چەند پاراستنمان بۆ دروست دەکات، ئەوەندەش بەربەستمان بۆ دروست دەکات بەربەستەکە لە مووچەدا ڕەنگی داوەتەوە."

زیاتر لە ٥٥ ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا چاوەڕێی مووچەی مانگی ٧ بوون، بەڵام ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن بەغداد پێی ڕاگەیاندوون، مووچەی مانگی ٧ دەنێرن و مانگەی ٧ دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی دابینی بکات.




PM:11:14:27/08/2024