توركیا جەخت لە پشتیوانیكردنی توركمانەكانی عێراق دەکاتەوە

جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەرۆكی بەرەی توركمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە کە تێیدا جەخت لە پشتیوانیكردنی توركمانەكانی عێراق کرا. 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا، لە ئەنقەرەی پایتەخت لەگەڵ حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی فراكسیۆنی توركمان لە پەرلەمانی عێراق، کۆبووەوە". 

"لە دیدارەکەدا پێشهاتەكانی ئەم دواییەی پارێزگای كەركوك تاوتوێ کراوە کە تێیدا جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا پشتیوانیکردنی خۆیان بۆ توركمانەكان لە عێراق دووپاتکردووەتەوە". (وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوەکەدا وادەڵێت)

شه‌وی ١٠ی ئەم مانگە، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سوننە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە شاری بەغداد کۆبوونەوە، بەڵام هەریەک لە بەرەی توركمانی كە خاوەنی دوو كورسییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، حزبی پارتی خاوەنی دوو كورسییە و بەشێك لە عەرەبەكانی كەركوك كە خاوەنی سێ كورسین، بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار ته‌ها وه‌ك پارێزگاری نوێی کەرکوک و محه‌مه‌د حافز وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێردران.



PM:12:17:28/08/2024