مامۆستایانی ناڕازی: ڕادەست نەكردنی داهاتی ناوخۆ لێدانە لە بەرژەوەندی و گوزەرانی هەموو مووچەخۆران

دەستەی داکۆکی لە مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی دواکەوتنی مووچە هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ڕادەست نەكردنی داهاتی ناوخۆ لێدانە لە بەرژەوەندی و گوزەرانی هەموو مووچەخۆران و دەشڵێت"جارێكی دیكە ڕێگە نادەین مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان بكرێنە قوربانی حەزی نەخۆشی بەرپرسان."

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایانی ناڕازی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی ناڕەزایی دژی دواكەوتنی مووچە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند" لە ئەگەری دروست كردنی كێشە بۆ مووچە لە مانگەكانی داهاتوودا یان ناردنی لیستی ناتەواو و نادروست بۆ بەغدا و هاوكاری نەكردنی بەغدا بۆ تەوتینی مووچە، كە سەرجەمیان پێشێلكاری و دەستدرێژییە بۆ سەر ژیانی سەرجەم فەرمانبەران".

ئاماژەی بەوەشكرد، جارێكی دیكە ڕێگە نادەین مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان بكرێنە قوربانی حەزی نەخۆشی بەرپرسان.

ڕاشیگەیاند" ڕادەست نەكردنی داهاتی ناوخۆ لێدانە لە بەرژەوەندی و گوزەرانی هەموو مووچەخۆران و دامەزراندنی نایاسایی و زیادكردنی ناوی دیكە بۆ لیستی مووچە، دروست كردنی گرفتە بۆ ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە و ئەمەش قبوڵكراو نییە، بۆیە ناكرێت خۆتان بە بەرپرس بزانن و حەقتان نەبێت بە ژیانی فەرمانبەران".

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە،" هۆشداری دەدەینە وەزارەتی دارایی، كە هەر جووڵە و خۆپیشاندانێك ئاڕاستەی بەردەم بەرپرسانی ئەو وەزارەتە دەكەین و ڕێگە نادەین وەك ساڵی ڕابردوو سێ‌ مووچە نەدەن و وەك بەرزەكی بابان بۆی دەرچن".

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایانی ناڕازی ئاشكرای دەكات، لە هەفتەی داهاتوودا وادە و كاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دیاری دەكەین بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ هەموو دەستە و توێژەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران.

بۆ بینینی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە سەردانی پەیجی سپی بکەن:https://fb.watch/uf41bz3hX1/




PM:07:10:28/08/2024