وتەبێژی بەرەی تورکمانی سەبارەت بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و ئیدارەی خۆجێی کەرکوک جەختی لەوە کردەوە کە بەشدای هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەن و وتی" کێشەی متمانەمان هەیە و ناتوانین متمانە بەهەموو لایەک بکەین".
محەمەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی تورکمانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی یەکێتی رایگەیاند" بەهیچ شێوەیەک بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و ئیدارەی خۆجێی کەرکوک ناکەین و رژدین لەسەر هەڵوێستی خۆمان".
لە دریژەی قسەکانیدا وتوبێژی بەرەی تورکمانی جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئەو سکاڵایانەی لە دادگاکانی فیدراڵی و کارگێڕی تۆماریان کردووە یەکلایی نەکرێتەوە، هیچ هەڵوێستێکی نوێیان نابێت و هیچ ناوێک بۆ هیچ پۆستێک پێشکەش ناکەن".
لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکان، محەمەد سەمعان وتی"ئێمە پرۆژەیەکمان پێشکەشکردبوو بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک، بەڵام پرۆژەکەمان فەرامۆشکرا، وەکو پێکهاتەی تورکمانیش کێشەی متمانەمان هەیە و ناتوانین متمانە بەهەموو لایەک بکەین، ئەو کێشەیە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەردەوامی هەیە".
وتەبێژەکەی بەرەی تورکمانی هۆشداریی دەدات، لە بەشداریپێکردنی لایەنی دیکەی تورکمان لە دەرەوەی بەرەکەیان و دەڵێت"تەنیا بەرەی تورکمانی خاوەنی هەردوو کورسییەکەی پێکهاتەی تورکمانییە و مافی ئەوەیان هەیە ناوی بەربژێرەکانیان بۆ پۆستەکانی پێکهاتەی تورکمان پێشکەش بکەن".
باسیلەوەشکرد، "پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک بەبێ پێکهاتەی تورکمانی کێشەی یاسایی هەیە، چونکە پێکهاتەی کورد و عەرەب نوێنەریان لە ئیدارەی کەرکوکدا هەیە، تەنیا پێکهاتەی تورکمان نوێنەری لە ئیدارەکەدا نییە و ئەمەش پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە".
ئەم قسانەی وتەبێژی بەرەی تورکمانی دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکەوە نووسراو ئاڕاستەی سەرجەم لایەنەکان کراوە، بەشداریی لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەن بکەن و بەربژێرەکانیان بۆ پۆستەکان بنێرن، چونکە پۆستەکانیان بە بەتاڵی هێشتووەتەوە".