لە ئێران پێنج بەندکراو لەسێدارە دران

سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراو کە دوو کەسیان خەڵکی ئەفغانستان و یەکێکیان خەڵکی عێراقە لە بەندیخانەی ناوەندی تەورێز و مەهاباد جێبەجێکران. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" چوار بەندکراو بە ناوەکانی شاپوور حوسێنی خەڵکی تەورێز، عیرفان عەبدولعەزیزی هاوڵاتی کوردی خەڵکی کەرکوک و دوو هاوڵاتی ئەفغانستانی بە ناوەکانی حوبوڵڵا تەمەن ٣٢ ساڵ و موشەڕەف تەمەن ٢٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندی تەورێز لەسێدارە دران". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار هاوڵاتییە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکە کەسی بەندیخانەی ناوەندی تەورێز گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەک کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" عیرفان عەبدوڵعەزیز سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی پاسەوانێکی کارگەی چیمەنتۆ دەستگیرکرا و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، هەروەها شاپوور حوسێنی دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و حوبوڵڵا و موشەڕەف لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی گواستنەوەی چەکدارانەی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران و لەلایە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو". 

ڕێکخراوی هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆش سزای سێدارەی سیروان ئەبوبەکری تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد، بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" جێبەجێکرا. 



PM:02:20:29/08/2024