كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان سکاڵایەک ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەکەن

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، بۆ ڕێگریکردن لە چوونی بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات.

نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ٣٠ی ئابی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" بەهۆی رێگریكردن لە چوونی بەرهەمەكانمان بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق، رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵای یاسایی تۆماردەكەین". 

وتیشی" لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم نەیانتوانیوە كێشەكە چارەسەر بكەن، چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی ڕێگری لە ڕۆیشتنی بەرهەمەکانمان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکات". 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەکات کە" نوێنەرایەتی دەنگی ئێمە دەکەن و لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژێردراون، هاوکار و پشتیوانیمان بکەن، هەروەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتار هاوکارمان بوون، ئەمجارەش دەبێت هەمووان لەگەڵمان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەمان". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی گەرمای وەرزی هاوین و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی لە کێڵگە پەلەوەرییەکان، نرخی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەو پێیەی نرخی یەک کیلۆ لە بازاڕدا هەندێکجار دەگاتە کەمتر لە ٢ هەزار و ٥٠٠ دینار، ئەمەش بڕیاری تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە لێکەوتەوە. 



AM:11:21:30/08/2024